ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، واشنتۆن و بەغدا رێككەوتون كە لە ساڵی 2025دا كۆتایی بە بونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بهێنرێت.
ئاوێنە: ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشێك لە میدیاكانی عێراق، كۆتایی ئەركی خۆی وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە بەغدا راگەیاندو وتی، بەم نزیكانە عێراق جێدەهێڵم.
وتیشی، لەگەڵ عێراق رێككەوتوین بۆ گواستنەوەی ئەرك و كۆتاییهێنان بە بونی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2025دا.
ئەوەشی خستەڕو، رێككەوتنەكە دەرفەتی قوڵكردنەوەی پەیوەندییە دوقۆڵییەكان لەنێوان عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەڕەخسێنێت.
لەبارەی كەرتی دارایی لە عێراق، باڵیۆزی ئەمریكا وتی، متمانە بە بانكە عێراقییەكان هەیەو لەو روەوە بەرەوپێشچون هەیە لە پێناو ئەنجامدانی ریفۆرمی ئابوریی و دارایی و باشكردنی كەرتی بانكی.
جەختیشی كردەوە كە پەیوەندییەكانی ئەمریكاو عێراق لە پەرەسەندنێكی بەرچاودان و رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان، رێككەوتنێكی گشتگیرە و تەنیا رێككەوتنێكی ئەمنی نییە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا ستایشی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردو داواشی كرد كە بەخێرایی حكومەتێكی نوێ لە هەرێم پێكبهێنرێت.