دادگای تاوانەكانی كەرخ بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، ئەمڕۆ دوشەممە، سزای زیندانیكردنی بۆ "نور زوهەیر" تۆمەتباری یەكەمی كەیسی "دزیی سەدە" و چەند تۆمەتبارێكی دیكەی هەمان كەیس دەركرد.
ئاوێنە: دادگای تاوانەكانی كەرخ بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، دادگاكەیان سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بۆ "نور زوهەیر" دەركردوە لەسەر دزینی سپاردەكانی باج لە بانكی رافیدەین كە بە "دزیی سەدە" ناسراوە، دەركرد.
بەپێی راگەیەندراوەكە، دادگاكە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ "رائید جوحی" و چەند فەرمانبەرێكی دیكەی بەشدار لە دزیی سەدە دەركردوە.
هەروەك دادگاكە سزای سێ ساڵ زیندانیكردنیشی بۆ هەیسەم جبور، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق دەركردوە.
نور زوهەیر، كە خاوەنی دو كۆمپانیایە، لە 22ی تشرینی دوەمی 2022، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دەستگیركرا كاتێك هەوڵی ئەوەی دەدات بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام دادگا بڕیاری دا بە ئازادكردنی بە كەفالەتێكی ماددی لەبەرامبەر وەرگرتنی بەڵێننامەی ئەوەی كە پارە دزراوەكانی دەستەی باجەكان بگەڕێنێتەوە.
پارە دزراوەكان لە هەژماری دەستەی باجەكان لە بانكی رافیدەین بە زیاتر لە 3.7 ترلیۆن دینار بو.