وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی داهاتوودا سێ فڕۆكەخانەی نوێ لە عێراق دەكرێنەوە، دەشڵێت: كردنەوەی فڕۆكەخانەكان كاریگەری گەورەیان لەسەر گەشەسەندنی ئابووری وڵاتەکەمان دەبێت.
ئاوێنه: مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق سەبارەت بە کردنەوەی سێ فڕۆکەخانەی نوێ لە عێراق بەم شێوەیە زانیاری بڵاوکردەوە.
مەیسەم سافی ڕایگەیاند، حكومەتی ئێستا پلان و بەرنامەی ستراتیژی هەیە تایبەت بە بواری گواستنەوە بەتایبەتیش ڕێگەی گەشەپێدان كە بەناو ١١ پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت.
باس لەوەشکراوە، سێ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ڕێگەی گەشەپێداندا دەبێت كە بریتین لە فڕۆكەخانەكانی بەغداد و بەسرە و نەجەف.
دەشڵێت: لە ئێستادا كاركردن لە فڕۆكەخانەی ناسریە گەیشتووەتە ٧١٪و فڕۆكەخانەی نەینەوا گەیشتووەتە ٨٦٪.
هاوکات، كارەكانی فڕۆكەخانەی كەربەلاش بەرەو كۆتایی دەچێت و بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا هەرسێ فڕۆكەخانەكە بكرێنەوە، كە كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر زیاتر گەشەپێدان و بەهێزبوونی كەرتی ئابووری عیراق.