2024-11-25   248     
سهربارى ههڕهشهو مهترسیهكانى ئیسرائیل بۆ وهڵامدانهوهى عێراق لهبهرامبهر ئهو هێرشانهى دهكرێتهسهر، گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشكرایانكرد، بەدرۆن هێرشیانکردوەتەسەر دوو شوێنی باشوری ئیسرائیل.
ئاوێنە: بهرهى موقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق ڕاگەیهنراوێكى بڵاوكردوهتهوهو نوسیویهتى:"بەدرۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشكرایهسهر دوو ئامانجی گرنگ لەباشوری ئیسرائیل".
ئهمهش لهكاتێكدایه، عێراق دەڵێت، "مەترسیی جدیو گەورە هەیە ئیسرائیل لەکاردانەوەی ئەو هێرشانەدا هێرشبکاتە سەر وڵاتەکەمان".
دوشەممەی ڕابردوش، ئیسرائیل لەنامەیەکدا داوای لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد، فشاربخاتەسەر عێراق بۆ ئەوەی هێرشی ئەو گروپە چەکدارانە بوەستێنێت، کە بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، لەم چەند مانگەدا زیاتر لە 165 هێرشیانکردوەتەسەر ئیسرائیل.
گروپە چەکدارەکانی عێراق دەڵێن، ئامانج لەهێرشەکانیان پشتیوانیکردنی غەززەو لوبنانە.
ڕاگەیهندراوی گروپە چەکدارەکان، کە شەوی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە، کەمتر لە 10 کاتژمێر دوای ئەوەهات، ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر داوای عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل کۆبوەوە.
ئەنجوومەنەکە دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند، سەرکۆنەی هەوڵى ئیسرائیل دەکەن بۆ فراوانکردنى "هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە"ی لەناوچەکەدا لەوانەش لەبەرامبەر عێراق، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نامەکەی ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی ئاساییش کە تێیدا هۆشداریدابوو لەوەی ئەوان بەمافی خۆیان دەزانن لەبەرامبەر هێرشی گروپە چەکدارەکان، بەرگریی لەئیسرائیلو خەڵکەکەی بکەن.
هەینی ڕابردوش، لەکۆڕبەندی ئاشتیو ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدهۆک، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگهیاند، "جگە لەو نامەیەی بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان نێردراوە، حکومەتی ئیسرائیل پەیامی زارەکیو نوسراوی بۆ حکومەتی عێراق ناردوە کە ئەوەش واتای ئەوە دەگەیهنێت، هەندێک ڕێکار وەکو ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنەسەر عێراق گیراونەتەبەر، هەنگاوی ناوخۆییو دەرەکی لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر عێراق گیراونەتەبەر".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئهوهشى وت:"بەغدا وەڵامی نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆی دایەوەو هەڵوێستی ڕونی حکومەتی عێراقی بۆ ڕوونکردەوە بەوەی، حکومەتی عێراق جەنگی ناوێت، ئێمە بەشێک نین لەجەنگ".