سەرۆك كۆماری عێراق: پێموایە نەتەنیاهۆ تاوانی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە دژی گەلی فەڵەستین ئەنجامداوە
  2024-11-24       243       

لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، پێموایە بنامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تاوانی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە دژی گەلی فەڵەستین ئەنجامداوە. دەشڵێت، هیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات كە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و چارەسەرکردنی ململانێکان لە جیهاندا رایگەیاندون.

ئاوێنە: لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبیە، وتی"هیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ئەو پەیامانە جێبەجێ بکات کە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و چارەسەرکردنی ململانێکان لە جیهاندا ڕایگەیاندون."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەماوەی چەند ساڵی کەمی ڕابردودا عێراق ئاسایش و ئارامی بەخۆیەوە بینیوە، ئێمەش کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئارامی و ئاسایش بۆ هەمو وڵاتان و چارەسەرکردنی ئەو ململانێیانەی چەندین کەس بەهۆیانەوە دەبنە قوربانی، هەروەها زیان بە ئابوری دەگەیەنن."

بەبڕوای لەتیف رەشید "کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانرێت چارەسەربکرێن ئەگەر ویستی باش هەبێت و هەموان وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە، مێژویەکی قوڵ و فرەڕەنگییەکی گەورەی هەیە، بۆیە ناتوانین پێکەوەبژین ئەگەر کێشە و ململانێکان چارەسەرنەکەین."

ئاماژەی بەوەشداوە "پێموایە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تاوانی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە دژی گەلی فەڵەستین ئەنجامداوە، ئێمە پشتیوانی لە داواکارییەکانی گەلی فەڵەستین دەکەین بۆ مافی چارەی خۆنوسین، کە لە ناوچەکەدا بە ئارامی بژین، هەموان ژمارەی ئەو منداڵ و ژن و پیاوانە دەزانن کە لەم ململانێیەدا کوژراون."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتویەتی"بابەتی تیرۆرمان لە وڵاتەکەماندا کۆتاییپێهێناوە و دەمانەوێت قۆناغێکی نوێ لە پاراستنی ئارامی و ئاسایش هەبێت بۆئەوەی گەلی عێراق پێکەوە بژین، حکومەتیش پلانێکی بۆ خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و وەبەرهێنان داڕشتوە، هەروەها پێویستیمان بە وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەکی هەیە."

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێران، لەتیف رەشید وتویەتی"پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران زۆر بەهێزە، سنورێکی هاوبەشمان هەیە کە لانیکەم 1200 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە، زۆربەی دانیشتوان پەیوەندی کۆمەڵایەتییان هەیە، هەروەها هەردو وڵات پەیوەندی ئابورییان لە کەرتی وزە و گازدا هەیە."

ئاماژەی بەوەشداوە "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەمو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو باشە، هانی وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی و سەرمایەداران دەدەین سەرمایەگوزاری لە عێراقدا بکەن."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×