وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر عێراق، نامەیەكی رەسمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی دەكات.
ئاوێنە: وەزارەتەكە لە نامەكەیدا جەخت دەكاتەوە كە عێراق پایەیەكی سەقامگیرییە لە ناوچەكەو جیهان و یەكێكە لەو دەوڵەتانەی كە زۆرترین پابەندبونی بە پرەنسیپەكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاندوە، نامەكەی ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، بەشێكە لە سیاسەتێكی رێكخراو بۆ دروستكردنی چەند بانگەشەو پاساوێك بە ئامانجی بەرفراوانكردنی روبەری شەڕ لە ناوچەكە.
جەختیشی كردۆتەوە كە پەنابردنی عێراق بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لە روانگەی پەرۆشیەوەیە بۆ ئەدا و رۆڵی ئەنجومەنەكە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ راگرتنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل لە كەرتی غەززەو لوبنان و پابەندكردنی قەوارەی ئیسرائیل بە راگرتنی توندوتیژیی بەردەوام لەناوچەكەو دەستهەڵگرتن لە هەڕەشەكانی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە عێراق پەرۆش بو بۆ دان بەخۆداگرتن لە پەیوەست بە بەكارهێنانی ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ و جەختیش دەكاتەوە لەسەر گرنگی دەستوەردانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی رەفتاری دوژمنكارانەی ئیسرائیل كە رەفتارەكانی پێشێلكردنی ئاشكرای بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتین.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەنامەكەیدا داوای كردوە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان چڕبكرێنەوە بۆ راگرتنی هێرشەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكەو گەرەنتیكردنی رێزگرتن لە یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان.