هێرشی میلیشاو گروپە چەکدارەکان لە عێراقەوە بۆسەر ئیسرائیل، وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم مەترسی وەڵامی سەربازی ئیسرائیلەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، باسم ئەلعەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشی گروپە چەکدارەکان لەناو خاکی عێراقەوە بۆسەر ئیسرائیل.
ئەلعەوادی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "سکای نیوز" ئاماژەی بەوە داوە کە یەکێک لە ڕێگاکانی ڕاگرتنی هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر ئیسرائیل لەناو خاکی عێراقەوە ئەوەیە کە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دەکەن کە پشتیوانی لەو گروپە چەکداریانە دەکەن.
وتەبێژی حکومەتی ئاماژەی بەوەشکردووە کە عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی جددی بووەتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، حکومەتی عێراق هەوڵدەدات ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە ببێتەوە کە لەسەر خاکی عێراقەوە دەکرێتە سەر ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە عێراق پێویستی بە ڕێوشوێنی بەهێزە لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتری هێرشەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو کوتلە چەکدارانەی کە هەوڵدەدەن زەوییە عێراقییەکان وەکو شوێنی هەڵدانی هێرشەکان بەکاربهێنن".