لیژنەی باڵای ئەمنیی سەرژمێری گشتی لەبارەی كۆتاییهاتنی قەدەغەی هاتوچۆوە بڕیاری داو دەڵێت، لە سەعات 12ی ئەمشەوەوە قەدەغەی هاتوچۆ تەنیا لەنێوخۆی پارێزگاكان هەڵدەگیرێت.
ئاوێنە: عەمید میقداد میری، وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی سەرژمێری لە راگەیەندراوێكدا وتی، بڕیاردرا قەدەغەی هاتوچۆ لە سەعات 12ی ئەمشەو رێكەوتی 21 لەسەر 22ی 11ی 2024، تەنیا لەنێوخۆی پارێزگاكان هەڵبگیرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو، قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكان سبەی هەینیش بەردەوام دەبێت بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا وتی، لەبەرئەوەی پێشتر راگەیەندرابو کە پرۆسەی سەرژمێری ئەم قۆناغە بۆ دو رۆژ بەردەوام دەبێ دواتر ناتوانین کەس تۆمار بکەین، بەڵام لێرەوە هەمو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە تاوەکو تەواوکردنی تۆماری هەمو خێزانەکان پرۆسەکە بەردەوام دەبێت بۆیە داوا دەکەین لەسەرجەم ئەو خێزانانەی کە تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردوە لەماڵەکانیان بمێننەوە، چونکە پرۆسەکە بەردەوام دەبێ تاوەکو دوا خێزان و دوا هاوڵاتی تۆمار دەکرێ.