سەرۆكی پەرلەمان و وتەبێژی حكومەتی عێراق پێشوازی لە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركردنی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشوی ئەو وڵاتە دەكەن و داواش دەكەن بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت.
ئاوێنە: مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، "ئێمە لە عێراق پێشوازی گەرم لە بڕیارەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەكەین كە سەرۆكی حكومەتی قەوارەی زایۆنی بنیامین نەتەنیاهۆ و وەزیری بەرگریی پێشوی ئەو حكومەتەی وەك تاوانباری جەنگ ناساندون و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردون و بڕیارەكەش پابەندكەرو یاساییە."
مەشهەدانی داواشی كردوە بڕیارەكە لەدژی "ئەو تاوانبارانە" جێبەجێ بكرێت، ئەوەش تاقیكردنەوەی راستەقینەی ئاستی پابەندیی جیهانە بە پرەنسیپەكانی دادپەروەری و یاسای نێودەوڵەتی.
هاوكات باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا پێشوازی لە بڕیارەكە كردوەو رایگەیاندوە"حكومەتی عێراق هەڵوێستی ئازایانە و دادپەروەرانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەرزدەنرخێنێت."
وتەبێژی حكومەتی عێراق بڕیارەكەی بە "مێژویی" ناوبردوەو رایگەیاندوە، لەگەڵ ئەوەی دوپاتی داواكاریی خۆمان بۆ راگرتنی شەڕ دەكەینەوە، داواش لە "سەرجەم وڵاتانی ئازاد دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەو رادەستكردنی داواكراوان بە دادگا تایبەتمەندەكان بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن."