سودانی و پوتین لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا دۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن
  2024-11-21       222       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تاوتوێی چەند پرسێك دەكەن لەوانە پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكەو جەخت لە گرنگی كۆتاییهێنان بە جەنگ و فراوان نەبونی دەكەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیاوە پێگەیشتوە.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا تاوتوێی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و روسیاو رێگەكانی پەرەپێدانیان بەشێوەیەك كە لە خزمەتی هەردو وڵاتدا بن كراوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا تاوتوێی پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە كراوەو جەخت لە گرنگی خستنەگەڕی هەوڵی وڵاتانی زلهێز كراوەتەوە لەپێناو كۆتاییهێنان بە جەنگ و فراوان نەبونی جەنگدان كە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەكەو جیهان دەكات.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە بەشێكی دیكەی قسەكانیاندا سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی روسیا باسیان لە پرسی وزەو گرنگی هەماهەنگی نێوان سەرجەم وڵاتانی پەیوەندیداری وزە و وڵاتانی ئەندامی ئۆپیك و ئۆپیك كردوە ئەوەش لەپێناو جێگیربونی نرخی نەوت و غاز.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×