سودانی: سەرژمێری یارمەتیدەر دەبێت بۆ داڕشتنی پلانەكانی  گەشەپێدانی ئابوری و سیاسی
  2024-11-20       122       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەخت لەسەر وردبینی و سەلامەتی ڕێکارەکانی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان دەکاتەوەو دەشڵێت، سەرژمێرییەكە یارمەتیدەر دەبێت بۆ داڕشتنی پلانەكانی گەشەپێدانی ئابوری، خزمەتگوزاری، كۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیش.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی کرد، بۆ ئاگاداربون لە بەڕێوەچونی جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و نیشتەجێبون لە سەرتاسەری عێراق لە یەکەم ڕۆژیدا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕۆژە عێراقێکی نوێ لەسەر بنەمای شیکردنەوە و داتای ورد دادەمەزرێنێ و ئەوەش یارمەتی بڕیاربەدەستان دەدات لە داڕشتنی پلان و بەرنامەکانی گەشەپێدانی ئابوری و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیش.

سودانی جەختی کردەوە لەسەر سەلامەتی و دروستی ڕێوشوێنەکانی شیکردنەوەی داتاکان و ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی خانەی مەزهەب و نەتەوە کرد، لەبەرئەوەی پرۆسەکە سەرژمێرییەكە بۆ گەشەپێدان نەک ئامار.

سودانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوڵاتیان دەربڕی بۆ وەڵامدانەوەیان و داوای لێکردن هاوکاربن و ببنە هاندەرێک بۆ تیمەکانی سەرژمێری بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، هەروەها کارمەندانی وەزارەتیشی ڕاسپارد بەهەمان گوڕو تین و وردییەوە بەردەوام بن بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێری تا گەیشتن بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×