وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نابێت عێراق رێگە بدات هیچ لایەنێک بۆ هێرشی تیرۆریستی خاکەکەی بەکاربهێنێت. وتیشی، راپێچکردنی عێراق بۆ تەنگژەیەکی هەرێمی، لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە.
ئاوێنە: ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە میدیای پارتی راگەیاند: “حکومەتی عێراق نابێت رێگە بدات خاکەکەی بۆ هێرشی تیرۆریستی لە دژی هیچ کەسێک بەکاربێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد “ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە بۆ ئەوەی بخزێنرێتە نێو تەنگژەیەکی هەرێمی. حکومەتی عێراق پێویستە هەموو هەنگاوێک بنێت بۆ ئەوەی رێگریی لەو رێکخراوە تیرۆریستییانە و هێرشەکانیان بکات.”
لەبارەی گۆڕانی ئیدارە لە واشنتن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گفتوگۆکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق دروست دەکات سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندی ئەمنی و مانەوەی هێزەکانتان لە عێراق؟ میڵەر وتوویەتی: “من ناتوانم باسی ئەوە بکەم ئیدارەی داهاتوو بەنیازە چی لەسەر سیاسەتی ناوچەی هەر شوێنێک لە جیهاندا بکات؛ ئەو شتەی بڕوامان پێی بێت، لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە. ئێمە لەم جۆرە سیاسەتانە بەردەوام دەبین و لە نێوان ئێستا و 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەیانکەین.”