قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەنجومەنی بازرگانانی ئەمریكا-كوردستان، رایگەیاند، پێویستە بە خێرایی حکومەتی نوێی خزمەتگوزار لە کوردستان پێکبهێنریت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ دوشەممە، پێشوازیکردوە لە وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا - کوردستان بە سەرۆکایەتی دەیڤد تافوری سەرۆکی ئەنجومەنەکە و لە کۆبوەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەمریکا و کوردستان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا باس لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە کوردستان کرا. جێگری سەرۆکوەزیران وتی"پێویستە بە خێرایی حکومەتی نوێی خزمەتگوزار لە کوردستان پێکبهێنرێت کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان و دۆستانی هەرێمی کوردستاندابێت."
بەپێی راگەیەندراوەكە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە گرنگە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستور و وتیشی: "ئەرکی ئەم خولەی پەرلەمانە کار لەسەر دانانی دەستور و هەموارکردن یان پەسندکردنی ئەو یاسایانە بکات کە هاندەری پەرەپێدانی وەبەرهێنانن لە کوردستان."
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باس لە دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە و بەردەوامبونی هەڕەشەی تیرۆر کرا. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد کە هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و لە دوایین کردەوەی تیرۆریستیدا رۆژی رابردو چەند کەسێک بەهۆی بۆمبی چێنراوی ئەو گروپە تیرۆریستییەوە شەهیدبون.
وتیشی، ئەو روداوە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە دەبێت هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر زیاتر بکرێت.