دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاگاداری هاوڵاتیان و بازرگانان دەكاتەوە كە لە رۆژانی سەرژمێری گشتیدا جوڵەی بازرگانی لە دەروازەكە ئاسایی دەبێت بەڵام رێگە بە چونی هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران نادرێت.
ئاوێنە: دەروازەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی بڵاوكردەوەو كە بڕیارە لە رۆژانی 20 و 21ی 11ی 2024 بەڕێوەبچێت.
دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاگاداری بازرگانان و هاوڵاتیان و كۆمپانیاكان و گەشتیارانی كردۆتەوە كە لەو دو رۆژەدا جوڵەی بازرگانی بۆ هاوردەكردن و هەناردەی كاڵاكان لە دەروازەكە ئاسایی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، كە لە رۆژانی سەرژمێریدا رێگە بە چونی هاوڵاتیانی كوردستانی و عێراقى و بیانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئیران نادرێت، بەڵام رێگە بە گەڕانەوەی هاوڵاتیانی کوردستانی و عێراقى لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەدرێت و دەتوانن بگەڕێنەوە.
لەبارەی هاتنی هاوڵاتیانی ئێرانی و بیانی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، رایگەیاندوە، كە لە دەروازەكەیان لەو دو رۆژەی سەرژمێریدا رێگە بە هاتنیان نادرێت.