قوباد تاڵەبانی: ئامادەكاری دەكەین بۆ بەڕێوەچونی دوەمین دیداری یەكێتی
  2024-11-18       178       

لیژنەی باڵای دوەمین دیداری یەكێتی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری لیژنەكە كۆبوەوەو ناوبراو دەڵێت، ئامادەكاری دەكەین بۆ بەڕێوەچونی دیدارەكە.

ئاوێنە: لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری لیژنەکە ئەمڕۆ دوشەممە لە دەباشان کۆبوەوە. بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، "کۆبونەوەکە پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسندکراوی کۆنگرەی پێنجەم و راسپاردەی دواکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەنجامدرا."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "ئامانجی سەرەکی کۆبونەوەکە باسکردن بو لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دوەمین دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بڕیارە لە ساڵی داهاتودا بەڕێوەبچێت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا "یەکێتی وەک حزبێکی چالاک و خاوەن پێگەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، هەمو کات ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغ و ئەگەرە جیاوازەکان، ئێستاش لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ئەگەر و گۆڕانکاریی بەڕێوەیە وەک نەریتێکی یەکێتییانە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچونی دیدارەکە دەکەن."

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە"دیداری ئەمجارەی یەکێتی لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی یەکێتی لەبوارە جیاجیاکاندا، بە ئامادەبونی نوێنەرانی هەمو چین و توێژەکان ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتو دەکات، لەپێناو باشتر خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندنی زیاتر لەگەڵ پێویستییەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×