وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند: نزیکەی شهش هەزار کەس ناویان لەوەزارەت هاتوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، زەردەشت ڕەفیق بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی ئاشكرایكردوه، "ئامادەکاریمان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دوەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران کردوە، لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان دەکەین. زەوییەکان لە رێگەی تیروپشکەوە دابەش دەکرێن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، "ناوی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی کارەباو کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانیان لەوەزارەت گەڕاوەتەوەو وردبینی تەواوبوە و ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ناویان لەوەزارەت گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، لەسنوری شارەوانیی سلێمانی نزیکەی ٦٠٠٠ هەزار کەس دەبێت.
زەردەشت ڕەفیق ئاشکراشیکرد، :"پێش هەڵبژاردن نزیکەی هەزارو ٦٠٠ پارچە زەویمان بەسەر فەرمانبەرانی شارەوانیدا دابەشکرد، هەرکاتێک ناوی دیکەمان بۆ گەڕایەوە، زەویمان لەبەر دەستەو دابەشیدەکەین".
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ٢٧ی ئاداری ئەمساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەرو خانەنشینانەدا کە سودمەندنەبوون، ڕوبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخاندەکرێت ٢٠٠ مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت.