سەرەڕای ئەوەی نزیكەی سێ هەفتەیە، لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی بەغدا كراوە، تا ئێستاش وادەی هاتنی موچەی مانگی 10 دیار نییە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەكان، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، گەشتی دەرەوەى وڵاتى كردوە و تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتو ناگەڕێتەوە، هەربۆیە خەرجكردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم، دوادەكەوێت بۆ دوای بەڕێوەچونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لە ناوەڕاستی مانگی کانونى یەکەم ژمێرەى كۆتایی بودجە دادەخرێت تا ناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی داهاتو، هەربۆیە ناردنی موچەی مانگەكانی 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێم كێشەی بۆ دروست دەبێت.
كێشەیەكی تری بەردەم ناردنی موچەی مانگەكانی 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەیە کە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق تەواو بوە كە 11 ترلیۆن و نیو بوە، بۆیە بۆ موچەى ئەو دو مانگە، پێویستى بە گواستنەوەی پارەیە لە بودجەى وەبەرهێنانەوە بۆ بودجەى بەکاربردن و ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندیی حكومەت و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەیە.