دەزگای میدیایی بوار رایگەیاند، پاسەوانانی ئەفسەرێكی یەكێتی لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵێك لەبارەی رێگری ئەو ئەفسەرە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەربە ناحیەی قادر كەرەمی قەزای چەمچەماڵ، پەلاماری وریا عەبدولخالق رۆژنامەنوسی دەزگەكەیان داوەو "بەچەقۆ و دەمانچە بەسەختی برینداریان كردوە."
ئاوێنە: دەزگای میدیایی بوار، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دەزگاكەیان هەواڵێکی لەبارەی ئەفسەرێکی یەکێتی بڵاوکردۆتەوە کە بوەتە هۆی ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی "بەشێوەیەکی مافیاگەرانەو دڕندانە پەلاماری ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن."
ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو پەلامارە مافیاییەی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حوکمی و حیزبی لەناوچەکە چەند جارێک لەسەر هەڕەشەکانی ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی دڕندانەو دور لە عورف و کلتوری کوردی بەناوی ئەوەی کە سەردانی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەکەن و داوای لێبوردنی لێدەن، کاتێک ئەو پاسەوانانەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەگەنە لای ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق بە چەقۆ و دەمانچە هێرش دەکەنەسەری و بە سەختی برینداری دەکەن."
دەزگاكە ئاماژەی بەوەداوە "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵین تا ئیجرائات بەرامبەر ئەو ئەفسەرە بکرێت." و وتوشیەتی"ژیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەخەینە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو ئەفسەرەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە."