چاكسازیی گەورانی سلێمانی هەواڵی هەڵاتنی چەند سزادراوێك لە چاكسازییەكەیان رەتدەكاتەوە كە بە ماددەی تیرۆر سزادراون.
ئاوێنە: دوای هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە دو سزادراوی چاكسازیی گەورانی سلێمانی لەکاتی گواستنەوەیان بۆ دادگای سلێمانی، بە هاوکاری چەند کەسێکی دیکە هەڵاتون. چاكسازییەكە ئەمڕۆ دوشەممە، رونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوەو هەواڵەكەی رەتكردەوە.
چاكسازیی گەورانی سلێمانی لە رونكردنەوەكەیدا وتویەتی"سەبارەت بە چەند هەواڵێک کە لە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن و چەند سایتێک بڵاوکراونەتەوە لەبارەی ڕاکردنی چەند سزادراوێکی چاکسازی گەوران کە بەمادەی تیرۆر سزادراوان سەرلەبەری ئەم هەواڵە رەتدەکەینەوەو دورە لەڕاستییەوە."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی پێنجشەممەی رابردو چاكسازیی گەورانی سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا وتی، رۆژی 30/10/2024 هاوڵاتییەک لەکاتی سەردانیکردنی سزادراواندا لەگەڵ برا سزادراوەکەیدا شوێنەکەی گۆڕیوەتەوە و سزادراوەکە هەڵاتوەو لەئێستادا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنەوەی و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش پێکهاتوە بۆ بەدواچون لەڕوداوەکە.