مەندەلاوی داواكارییەك ئاراستەی پەرلەمانتاران دەكات
  2024-10-31       201       

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەوەكالەت بڵاوی كردەوە، داوا لە سەرۆكی فركسیۆنەكانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەكەم، ئامادەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ پەرلەمان بن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، داوا دەكەم ناكۆكییەكان وەلاوە بنێن.

ئاوێنە: موحسین مەندەلاوی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەوەكالەت سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان و داواكاریی بۆ پەرلەمانتاران، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، پێویستە نوێنەرانی هەموو پێكهاتەكان لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن بۆ ئەوەی دەنگەكانیان بدەن بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ پەرلەمان، هەروەها پێویستە شەڕە سیاسییەكان و جیاوازییەكان بە دوور بگرن لەم دۆسییەدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو هێزە نیشتیمانییەكان كار لەسەر بنەمای وریایی و بەرپرسیارێتی دەكەن، بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە یاسایی و دەستوورییانەی كە لە مێژە پڕنەكراونەتەوە، هەروەها ئەم دانیشتنە دەبێتە هۆی هەڵبژاردنی سەرۆكێك كە بەشداربێت لە درێژەدان بە هەنگاوەكانی بەهێزكردنی ئەنجوومەنی نوێنەران چاودێری نوێنەران و ڕۆڵی یاسادانان.

لە كۆتایشدا دەڵێت: بڕیاردانی هەڵبژاردن لەم ڕۆژەدا مافێكە بۆ پێكهاتەیەكی گرنگ لە پرۆسەی سیاسییدا.

بەپێی خشتەی دانیشتی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان كاتژمێر ١ـی پاشنیوەڕۆ دانیشتنێكی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ئەنجام بدات.

ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، تاوەکو ئێستا پەرلەمانی عێراق نەیتوانیووە سەرۆکێکی نوێ دەستنیشان بکات، موحسین مەندەلاوی بەشێوەی وەکالەت سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق دەکات و کۆبوونەوەکان بەڕێوەدەبات.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×