بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ئەنجام بدات.
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە كۆبوونەوە و خشتەی دانیشتی ئەمڕۆ ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، کە تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ئەنجام دەدات.
بەپێی خشتەكە، بڕیارە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراق كاتژمێر ١ـی پاش نێوەڕۆ بەڕێوەبچێت.
ئەمە لە كاتێكدایە، هەتەی ڕابردوو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوە و داوایان لە پەرلەمان كرد، ئەم هەفتەیە كۆببنەوە و سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرن، بەڵام تا ئێستا لایەنە سوننەكان ڕێكنەكەوتوون لە سەر دیاری كردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.
جێگای ئاماژەیە، ١٨ـی ئایاری ئەمساڵ دانیشتی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەچوو، سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دوو كاندیدی سەرەكی ئەو پۆستە بوون، لە دانیشتنەكەدا دوو خولی دەنگدان بەڕێوەچوو، تیایدا دەنگەكانی سالم عیساوی لە پێش دەنگەكانی مەحمود مەشهەدانییەوە بوو، دواتر پەرلەمانتارانی تەقەدووم لە ناو هۆڵی پەرلەمان گرژی و ئاڵۆزییان درووست كرد، نەیانهێشت كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بۆیە دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.