له‌عێراقه‌وه‌ هێرشكرایه‌سه‌ر باكورى ئیسرائیل
  2024-10-30       195       

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق لەبەیاننامەیەکدا ئاشكرایده‌كات، بەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردوه‌ته‌سەر خاڵێکی گرنگ لەباکوری ئیسرائیل.

ئاوێنە: بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق ڕاشیگەیاند، لەدرێژەی هێرشەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئیسرائیل‌و پاڵپشتیکردن لەگەلی فەڵەستین‌و لوبنان‌و لەوەڵامی ئەو کۆمەڵکوژیانەی لەدژی خەڵکی مەدەنی دەکرێت، لەنێویاندا منداڵان، ژنان‌و بەساڵاچوان، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی ئۆکتۆبەری 2024، بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیکردەسەر خاڵێکی گرنگ لەباکوری ئیسرائیل.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەرەی مقاوەمە بەردەوامە لەئۆپەراسیۆنەکانی بۆ لەناوبردنی دوژمن بەخێرایی.

دوشەممەی ڕابردوو، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق بەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیکردەسەرخاڵێکی سەربازی لەباکوری ئیسرائیل.

بەرەی مقاوەمە لەعێراق، چەندین مانگە هێرشدەکاتەسەر چەند شوێنێکی گرنگی ئیسرائیل وەک کاردانەوەی شەڕی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، سەرچاوەیەکی نزیک لەهێزه‌ چه‌كداره‌ عێراقییەکان ئاشکرایکردوە، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەردەوام لەڕێگه‌ی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو و مانگە دەستکردە پێشکەوتوەکانەوە چاودێرییان دەکات، بەڵام ئەوان بەردەوامن لەبەئامانجگرتنی ئیسرائیل‌و لەداهاتوشدا نەوەی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەخەنەگەڕ.

 ئەو سەرچاوەیە کە ناوەکەی ئاشکرانەکردوە، بەپێگەی بەغداد ئەلیەومی وتوه‌، "هێزەکانی ناسراو بەمقاوەمەی عێراقی ترسیان لەهیچ وەڵامدانەوەیەکی ئەمریکی نییە، بەڵکو ئامادەیی وەڵامدانەوەیان هەیە ئەگەر لەلایەن ئەمریکییەکانەوە ڕوبەڕوی گرژکردنی دۆخەکە ببنەوە".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×