بڕیارە سبەی سێشەممە، پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو كارنامەی كۆبونەوەكەش جارێكی دیكە دەنگدان لەسەر ئەو سێ پڕۆژە یاسایە لەخۆدەگرێت كە جێی مشتومڕو ناكۆكین. سەرۆكی پەرلەمان بەوەكالەت داوا دەكات پەلەبكرێت لە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان بۆ ئەوەی لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا پڕۆژە یاساكان پەسەندبكرێن.
ئاوێنە: سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی بڵاوكردەوە كە جارێكی دیكە دەنگدان لەسەر ئەو سێ پڕۆژە یاسایە لەخۆدەگرێت كە جێی ناكۆكی و مشتومڕن.
ئەو سێ پڕۆژە یاسایە بریتین لە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان و پڕۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری كەسێتی و پڕۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای لێبوردنی گشتی.
دوێنێ پەرلەمانی عێراق لە كۆبونەوەی خۆیدا بۆ جارێكی دیكە دەنگدانی لەسەر هەر سێ پڕۆژە یاساكە دواخست.
هەر سێ پڕۆژە یاساكە جێی مشتومڕن و ناكۆكییان لەسەرە، كورد پشتیوانی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان دەكات كە لەپێناو ئەوەیە ئەو زەوی و موڵکانەی لە سەردەمی بەعسدا لە هاوڵاتیان وەرگیراون یان دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
كورد بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایەكە داوای دەنگی پەرلەمانتارانی سوننە و شیعە دەکات، هاوكات سوننە داوای دەنگی هەردولا دەکات بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی و شیعەش بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی داوای دەنگی کورد و سوننە دەکات.
بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكەی سبەینێنی پەرلەمان بریتییە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای خزمەت و خانەنشینی چەكدارانی حەشدی شەعبی، كە لە كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەماندا دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایەش دواخرا.
بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی پەرلەمان بەوەكالەت، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی نوێ و بەرفراوانی لیژنەی دراایی پەرلەمانی عێراقی كردوە كە تێیدا سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكە و چەند پەرلەمانتارێكی دیكە ئامادە بون و گفتوگۆ كراوە لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە پێشكەشكراون بۆ دەنگدان و خراونەتە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا جەخت كراوەتەوە لەسەر تاوتوێكردنی ئەو ماددانەی لە پڕۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای لێبوردنی گشتیدا جێی ناكۆكین و سەرۆكی پەرلەمان بەوەكالەت سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی یاسایی راسپاردون كە پەلەبكەن لە یەكلاكردنەوەی ئەو ماددانە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی سبەی پەرلەماندا دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە بدرێت لە پاڵ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری كەسێتی و پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان و هەروەها پڕۆژە یاسای خزمەت و خانەنشینی چەكدارانی دەستەی حەشدی شەعبی.