وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی كردەوە، لیژنەی باڵای ھەماھەنگی بۆ رێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عیراق کۆبوونەوە و دەیانەوێت پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات لە سەربازییەوە بگۆڕدرێت بۆ ئابووری و چەند بوارێکی دیكە.
ئاوێنه: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ھەماھەنگی ئەمریکا و عێراق بەم شێوەیە زانیاری بڵاوکردەوە، لیژنەی باڵای ھەماھەنگی بۆ ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عیراق کۆبووەتەوە و چۆنێتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆنیان تاوتوێکردووە.
دەشڵێن، نەخشەی کاری کۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەکەیان دیاریکردووە کە بڕیارە لە مانگی شووباتی ساڵی داھاتوودا بەڕێوەبچێت، کە ھاوکاری نێوان ھەردوو وڵات لە بوارەکانی سیاسی و دیبلۆماسی و ئاسایش و بەرگری و وزە و ئابووری و پەروەردە و تەندرووستی و ژینگە دەگرێتەوە.
باس لەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە پێویستی گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن کە تەنھا لە بواری سەربازیدا نەبێت و ئەو پەیوەندییە بگۆڕێت بۆ بوارەکانی ئابووری و تەندرووستی و پەروەردە.