پەرلەمانی عێراق لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگدانی لەسەر سێ پڕۆژە یاسای جێی مشتومڕ دواخست كە یەكێكیان پڕۆژە یاسای "گەڕاندنەوەی موڵكە بۆ خاوەنەكانیان"و كورد پشتیوانی تێپەڕاندنی دەكات. دواتریش كۆبونەوەكە هەڵگیرا.
ئاوێنە: پەرلەمانی عێراق لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا بۆ جارێكی تر دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان و پڕۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری كەسێتی و پڕۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای لێبوردنی گشتی، دواخست.
هەر سێ پڕۆژە یاساكە جێی مشتومڕن و ناكۆكییان لەسەرە، كورد پشتیوانی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان دەكات كە لەپێناو ئەوەیە ئەو زەوی و موڵکانەی لە سەردەمی بەعسدا لە هاوڵاتیان وەرگیراون یان دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
كورد بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایەكە داوای دەنگی پەرلەمانتارانی سوننە و شیعە دەکات، هاوكات سوننە داوای دەنگی هەردولا دەکات بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و شیعەش بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی داوای دەنگی کورد و سوننە دەکات.
بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان بریتی بو لە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای خزمەت و خانەنشینی چەكدارانی حەشدی شەعبی، هاوكات دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە دواخرا.
پاش ئەوە كۆبونەوەكەی پەرلەمان هەڵگیرا.