هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر رایگەیاند، بەرپرسیارێتی بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ لێدانی ئێران لە ئەستۆی ئەمریكایە و بەوەش جارێكی دیكە ئەمریكا سوربونی خۆی لەسەر هەژموری بەسەر ئاسمانی عێراقدا سەلماند.
ئاوێنە: هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "بەرپرسیارێتی بەزاندنی سەروەریی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆكەكانی قەوارەی زایۆنی و دەستدرێژیی ئاشكرایان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران، بەتەواوەتی دەكەوێتە ئەستۆی ئەمریكا."
وتیشی، "بەوەش لایەنی ئەمریكی جارێكی دیكە ئەوەی سەلماند كە سورە لەسەر سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر ئاسمانی عێراقداو كاركردن دژی بەرژەوەندییەكانی گەل و سەروەریی عێراق و هەوڵدان بۆ خزمەتكردنی قەوارەی زایۆنی و هاوكاریكردنی لە هەمو ئەو شتانەی پێویستنی بۆ جێبەجێكردنی رەفتارە دوژمنكارییەكانی و هەڕەشەی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە."
هادی عامری جەختی كردۆتەوە كە "ئێستا لە هەمو كات زیاتر پێویستە كۆتایی بە بونی سەربازیی ئەمریكا بەهەمو شێوازەكانییەوە بهێنرێت."