پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر سێ پڕۆژە یاسای جێی مشتومڕ كۆدەبێتەوە
  2024-10-24       191       

بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتو پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە. سێ بڕگەی كۆبونەوەكە بریتین لە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسایاكانی گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەكانیان، هەمواری یاسای باری كەسێتی و هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی، كە سێ پڕۆژە یاسای جێی مشتومڕن.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرنامەی كاری كۆبونەوەی رۆژی یەكشەممەی داهاتوی خۆی بڵاوكردەوە كە پێنج بڕگە پێكدێن.

بڕگەی یەكەم و دوەم و سێیەمی كۆبونەوەكە پێكهاتوە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان، دەنگدان لەسەر پڕۆژە پێشنیاری هەمواری سایای باری كەسێتی، دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای لێبوردنی گشتی.

هەر سێ پڕۆژەكە جێی مشتومڕی زۆرن، چەند جارێك دەنگدان لەسەریان خراوەتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكان لەبارەیانەوە دواخراون.

كورد پشتیوانی لە تێپەڕاندنی پڕۆژەی گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان كە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورەی سەردەمی بەعس لەبارەی داگیركردنی زەوی لەخۆدەگرێت، هەروەها شیعەكان بەگشتی پشتیوانی لە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری كەسێتی دەكەن كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی كاردانەوەی لێكەوتۆتەوەو بە هەموارێكی دژ بە مافەكانی ژنان ناودەبرێت. هەروەها سوننەكانیش پشتیوانی لە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی دەكەن.

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×