گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی پشتیوانییەكانمان بۆ گەلی فەڵەستین و لوبنان، ئەمڕۆ لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە هێرشمان كردە سەر بنكەیەكی سەربازی ئیسرائیل لە جۆلان.
ئاوێنە: گرووپی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق لە بارەی هێرشكردنە سەر ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی پشتیوانییەكانمان بۆ گەلی فەڵەستین و لوبنان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە هێرشمان كردە سەر بنكەیەكی سەربازی ئیسرائیل لە جۆلان.
ئاماژە بەوەش كراوە، توانیویانە ئامانجەكە بپێكن، بەڵام تا ئێستا ژمارەی زیانە گیانیی و ماددییەكان دیار نییە.
جێگای ئاماژەیە، لە دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزیی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق دژی ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی وەستاوەتەوە و هێرش دەكاتە سەر بنكە و بارەگاكانیان.