سەرۆکایەتییەکانی‌ عێراق لەبارەی رەوشی وڵات‌و گرنگترین پێشهاتەکانی ناوچەکە کۆبونەوە
  2024-10-19       290       
کۆبونەوەى سەرۆکایەتییەکانی‌ عێراق

سەرۆکایەتییەکانی عێراق له‌کۆشکی بەغداد بەئامادەبونی سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشیدو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبوەوە.

ئاوێنه‌: سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار بڵاویكردۆته‌وه‌، لەکۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەچو، دۆسیەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و هەوڵەکان بۆ خێراکردنی یەکلاکردنەوەی ئەم مافە تاوتوێکراو جەختکرایەوە لەسەر پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانە، بەجۆرێك کە یارمەتیدەربن لەبەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکان و بەهێزکردنی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران هاوشان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و دادوەری.

هەروەها لەکۆبونەوەکەدا هۆکارەکانی دواکەوتن لەخستنەڕوی چەند پڕۆژە یاسایەکی گرنگ تاوتوێکران، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئامادەکراون و پێویستە لەکارنامەی دانیشتنەکانی داهاتوی ئەنجومەنەکەدا دابنرێن، سەرەڕای پێداچونەوە بەڕێوشوێنە دادوەرییەکان لەچوارچێوەی تاوانەکانی بڵاوکردنەوە و راگەیاندن و چاودێریکردنی حاڵەتەکانی خراپ بەکارهێنانی ئەو هەڵمەتە رێکخراوانەی لەلایەن چەند پەیجێکی گوماناوییەوە بۆ بەئامانجگرتنی سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت دەستیپێکردوە، هەروەها پێویستی لێپێچینەوە لە تاوانباران بەگوێرەی بڕگەکانی یاسا.

هەر لەکۆبونەوەکەدا، رێوشوێنەکانی حکومەت لەڕوی داراییەوە تاوتوێکرا بۆ دڵنیابون لەپارەدارکردنی وەزارەت و پارێزگاکان لەبودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان، هەروەها رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو و پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت. 

بەشداربوانی کۆبونەوەکە، جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی سەرژمێری وەك ئامانجێکی گەشەپێدانی وڵات، کە سیاسەت و پلان و بەرنامە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان پشتی پێ دەبەستن. 

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "له‌کۆبونەوەکەدا بارودۆخی گشتی و پەرەسەندنەکانی دەستدرێژییەکانی زایۆنی بۆسەر فەڵەستین و لوبنان و ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ رێگەگرتن لەو هێرشانه و یەکخستنی هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر پاراستنی عێراق و گەلەکەی له هەر ئەگەرێکی گرژی، باسکران."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×