دەستەی ڕاگەیاندنو پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا کارکردنی کەناڵی MBC سعودی لەوڵات قەدەغە بکات.
ئاوێنه: دەستەکە ئەمڕۆ شەممە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بڕیارەکە دوای ئەوە دێت، کەناڵەکە زیادەڕۆیی کردووەتە سەر سەرکردەکانی "نەسرو مقاوەمە".
هەروەها هاتووە، دەزگای جێبەجێکاری دەستەکە، مۆڵەتی کارکردنی ئەو کەناڵەی هەڵوەشاندووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سەدان لایەنگری "بەرەی مقاوەمە" لەعێراق لەبەردەم نوسینگەی کەناڵی MBC کۆبوونەوەو خۆپیشاندانیان لەدژی پەیامی کەناڵەکە کردو سەرەنجام بەشێکی نوسینگەکەیان سوتاند.
کەناڵی MBC سعودیە لەبەرنامەیەکی دیکۆمێنتاریدا، هەریەک لە قاسم سولەیمانی، سەرۆکی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حزبوڵڵای لوبنان، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی پێشووتری مەکتەبی سیاسی حەماس، یەحیا سنوار، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماسی بە "تیرۆریست" وەسفکردبوو.