بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رۆژانە دو هەزارو 500 تۆن سوتەمەنی فڕۆکە بەرهەمدەهێننو هەزار تۆنی هەناردەی دەرەوە دەکەن. ناوبراو ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه بەرهەمهێنانی سووتەمەنی فڕۆکە ئاماژەیە بۆ بەرزبونەوەی توانای پاڵاوگەکانی عێراق.
ئاوێنه: حامد یونس، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن رایگەیاند، "بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانەی سوتەمەنی فڕۆکە گەیشتووەتە دو هەزارو 500 تۆن، بەڵام پێداویستی ناوخۆیی رۆژانە هەزارو 500 تۆنە".
وتیشی، "ئەو زیادەیەی لەبەرهەمهێنانی سووتەمەنی فڕۆکەدا دەمێنێتەوە، کە بڕەکەی هەزار تۆنە، لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوەی دەکەین".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرهەمهێنانی سوتەمەنی فڕۆکە دو سودی بۆ عێراق هەیە، یەکەمیان زیادبونی داهاتە، دووەمیان ئاماژەیە بۆ بەرزبونەوەی توانای پاڵاوگەکانی عێراق".