وەزیری دەرەوەی ئێران: سوپاسی عێراق دەکەین کە ڕێگەی نەداوە خاکەکەی بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێنرێت
  2024-10-13       438       
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران


وەزیری دەرەوەی ئێران به‌سه‌ردانێکی فه‌رمی گه‌یشته بەغدا، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، "سوپاسی عێراق دەکەین کە ڕێگەی نەداوە خاکەکەی بۆ لێدانی ئێران بەکار بێت". هاوكات وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق رایگەیاند، "ئێمە هەوڵدەدەین عێراق لەدەرەوەی چوارچێوەی هەر شەڕێکی ناوچەکە بمێنێتەوە".

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ یەکشەممە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغداو لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوەوە، دواتر لەکۆنفرانسێکی‌ رۆژنامەوانی هاوبەشدا قسەیان لەسەر ناوەڕۆکی‌ کۆبونەوەکە کرد.

عێراقچی سوپاسی حکومەتی عێراقی کرد کە ڕێگەی نەداوە ئاسمانی عێراق وەک دەرفەتێک بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێندرێت، دوپاتیشی لەوە کردەوە کە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بایەخ بە پرسی پەنابەرانی غەززە و لوبنان بدات.

راشیگه‌یاند، "ئێران بەدوای شەڕ و فراوانکردنییەوە نییە، هەوڵی وەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە دەدەین، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت جەنگی سەر غەززە و لوبنان بوەستێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری فراوانی شەڕ لە ناوچەکە هەیە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئه‌وه‌شی‌ وت، "لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکەم گفتوگۆی جەنگی سەر لوبنان و غەززەمان کرد لەگەڵ ئەو ئالەنگارییە پڕ مەترسییانەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، وەک هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوانتر، قەیرانی وزە و مەترسیی لە گەرووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دروست دەکات لە دەریای سوور".

لای‌ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش وتی، "عێراق هۆشداریی لەفراوانبوونی شەڕ لەناوچەکە ده‌دات... خاکی عێراق بۆ بەئامانجگرتنی ئێران بەکار نایەت".

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕونیكرده‌وه‌، "بڕیاڕی ئاشتی و شەڕ بەدەست عێراقییەکانەوەیە، بەرپابوونی شەڕ لەناوچەکە، هەڕەشە لە ئاشتیی نێودەوڵەتی دەکات؛ ئێمە هەوڵ دەدەین عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی هەر شەڕێکی ناوچەکە بمێنێتەوە".


 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×