پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخت، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە و بریارە دواتر سەردانی عومان بكات.
ئاوێنە: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە گەیشتنی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، زانیاری نوێ دەخاتەڕوو.
ئیسماعیل بقائی ڕایگەیاند، پاش نیوەڕۆی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخت، سەردانەكەیدا چەند كاتژمێرێك دەخایەنێت و چاوی بە فوئاد حسێن، هاوتا عێراقییەكەی و عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەوێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، عەباس عێراقچی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی كۆدەبێتەوە و سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە لە ئەنجامی جینۆساید و هێرشەكانی ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان گفتوگۆ دەكات.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای كۆتایی هاتنی سەردانەكەی بۆ عێراق، عێراقچی بەرەو مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێدەكەوێت بۆ درێژەدان بە ڕاوێژكارییە ناوچەییەكانی، كە لە هەفتەی ڕابردووەوە دەستیپێكردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە چوارچێوەی ڕاوێژ و هەماهەنگی بۆ ڕاگرتنی جینۆساید و هێرشەكانی غەزە و لوبنان سەردانی قەتەر و سعودیەی كرد.