کەناڵی ئێن بی سی: سودانی داوای لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی كردووە عێراق بەجێبهێڵن
  2024-10-10       921       

بەپێی سەرچاوەکانی کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی دوای گرژییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە و ترسی هێرشی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەركردەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پێویستی جێهێشتنی عێراق ئاگاداركردووەتەوە، هەرچی بەپێی سەرچاوەکانی کەناڵە ناوخۆییەکانە، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی لەو شێوەیە نییە.

ئاوێنە: میدیا جیهانییەكان و عەرەبییەكان سەبارەت بە داواكارییەكی محمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ سەركردەكانی هێزی حەشدی شەعبی بەمەبەستی جێهێشتنی عێراق، زانیاریی نوێ دەخەنەڕوو.

كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی بڵاوی كردەوە، دوای گرژییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە و ترسی هێرشی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەركردەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پێویستی جێهێشتنی عێراق ئاگاداركردووەتەوە.

سەرچاوەیەكی دیكە بە كەناڵی”بەغداد الیوم”ـی ڕاگەیاند، ئەو ڕاپۆرتانەی باسیان لە ئاگاداركردنەوەی سەركردەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووە، بۆ ئەوەی عێراق بەجێبهێڵێت، هەڵەن، هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی لەو شێوەیە نییە، هیچ نیازێكیش نییە.

دەشڵێت: هەموو سەركردەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی چ لە هێڵی یەكەم یان دووەم لە مەیدانەكەدان، هەموویان لە ناوخۆی عێراق ئامادەن و ئەركە ئەمنیی و سەربازییەكانیان بە شێوەیەكی ئاسایی جێبەجێ دەكەن، ئەوانیش هیچ ترسێكیان نییە لە هیچ هێرشێكی ئیسرائیلی یان هێرشێكی دیكە، كە وایان لێ بكات لە قۆناغی داهاتوودا عێراق بەجێبهێڵن.

شرۆڤەكارانی عێراقی ڕایانگەیاندووە، ڕەنگە ململانێی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان كاریگەریی لەسەر عێراقیش هەبێت، ڕەنگە تەلئەبیب بارەگای قەوارە شیعەكان و سەركردەكانیان بكاتە ئامانج.

هەروەها، ئیحسان ئەلشەمەری، مامۆستا لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەرێكی زۆر هەیە ئیسرائیل عێراق بكاتە ئامانج، هەر هێرشێكی ئیسرائیل دەتوانێت زیان بە ئابووریی عێراق بگەیەنێت.

ناوبراو ئاماژەی بە سێ سیناریۆ كرد، بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، یەكەمیان ئەگەری هێرشێكی ڕاستەوخۆی لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەنگە عێراق ببێتە ناوچەیەكی نائارام لە نێوان تەلئەبیب و گرووپە چەكدارەكان، ئەگەر حكومەتی عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگاتە ڕێككەوتنێك بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل، ڕەنگە ئیسرائیل بە لێدانی هەندێك گرووپی چەكدار ڕازی بێت.

سیناریۆی دووەم ئەوەیە كە ئیسرائیل ڕەنگە هێزەكانی حەشدی شەعبی و سەركردەكانی و ئەوانەی هاوكاری حزبوڵا دەكەن، بكاتە ئامانج، سیناریۆی سێیەم، ڕەنگە ئیسرائیل سەركردەكانی گرووپە چەكدارەكان و هەركەسێك هاوكاریان بكات بكاتە ئامانج، جگە لە هەندێك دامەزراوەی حكومەت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی گرژییەكی توند.

باسی لەوەشكرد، ئەم سیناریۆیە ڕەنگە تەنها گرووپە چەكدارەكان و حكومەت نەبێتە ئامانج، بەڵكو ڕەنگە سیستەمەكەش بكاتە ئامانج، چونكە ئیسرائیل پێی وایە گرووپە چەكدارەكان كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراق دەكەن، بەئامانجگرتنی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بە دڵنیاییەوە ڕوودەدات، بەڵام جارێ‌ ئاستی ئەم بە ئامانجكردنە ڕوون نییە.

ئیسرائیل لەم دواییانەدا كوژرانی دوو سەربازەكەی لە ئەنجامی ئەو مووشەكانەی لە عێراقەوە هەڵدراون ڕاگەیاند، ڕەنگە بە تەنیا ئەمە بیانوویەك بێت بۆ ئەوەی ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر عێراق.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×