وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند: بە فەرمی چوار هەزار و ٦٠٠ پەنابەری لوبنانی هاتونەتە عێراق و ناویان تۆمارکراوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، عەلى عەباس جەهانگیر، وتەبێژی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاشکرایکرد، ئاماری تەواوەتى پەنابەرانى لوبنانییان لە بەردەستیاندا نیە بەتەواوەتى، لەبەر ئەوەى هێشتا دەروازە وشکانى و ئاسمانییەکان بۆیان نەناردوون و بە فەرمی چوار هەزار و ٦٠٠ کەس ناویان تۆمارکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە و نزیکە لە حەوت هەزار کەس.
ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەبارەی نیشتەجێکردنی کۆچبەرە لوبنانییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، لەنێو لایەنە سیاسییەکاندا داواى ئەوەدەکرێت مافى نیشتەجێبوون و کارکردنیان پێبدرێت، باسى لەوەشکردووە ئاوارە لوبنانییەکان بوونەتە ناکۆکییەکی دیکەى نێوان لایەنە عێراقییەکان.
هەروەها چالاکان و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گومانیان لەم هەنگاوەى عێراق دروستکردووە بۆچى زۆرینەیان دەبرێنە نەجەف و کەربەلا و پارێزگاى دیالە کە هەرسێکیان شیعەنشینن و مەزارە پیرۆزەکانى تێدایە؟
ئەوە لە کاتێکدا بەشێکى دیکە لە لایەنە سیاسییەکان باس لە پارێزگاکانى ئەنبار و سەڵاحەدینى سوننەنشین دەکەن بۆ نیشتەجێکردنیان، بەڵام وەک رۆژنامەکە ئاماژەى بۆکردووە لایەنە شیعیەکان زۆر بەتوندى رەتیانکردووەتەوە.