مقاوەمەی ئیسلامی: لە 24 کاتژمێری رابردوودا چوار هێرشمان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە
  2024-10-10       175       

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، "لە 24 کاتژمێری رابردوودا چوار هێرشمان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبین."

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، گروپە چەکدارەکانی شیعەی عێراق، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل. دەشڵێن لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.

ئاماژە بەوەشدەکەن، "لە بەردەوامبوون لەسەر رێبازی دژایەتیکردنی داگیرکار و بۆ سەرکەوتنی خەڵکەکەمان لە فەلەستین و لوبنان، لە وەڵامدانەوەی ئەو کوشتارگانەی لە دژی منداڵان و ژنان و پیر و پەککەوتەکان دەکرێت، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەیانی رۆژی پێنجشەممە بە درۆن هێرشیان کردە سەر باکووری خاکی داگیرکراومان".

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەو گروپە چەکدارانە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل دەڵێن: "بەردەوام دەبن و زیاتریشی دەکەن."

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی 10ـی 2023ـەوە لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کردووە. 

لە بەرامبەردا، ئەمریکا چەند جارێک وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە و لە شەوی چوارشەممە، 7ـی 2ـی 2024، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی بە ناوی ئەبو باقر ساعیدی، کردە ئامانج و کوژرا.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×