حکومەتى عێراق لەبارەى نیازی ئیسرائیل بۆ كردنە ئامانجی سیستانى راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
  2024-10-09       565       

پاش ئەوەی میدیاكانی ئیسرائیل وێنەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقیان لەنێو لیستی وێنەی ئەو كەسایەتییانەدا بڵاوكردەوە كە ئامانجی وڵاتەكەیانن، حکومەتى عێراق لەوبارەیەوە هاتە دەنگ و دەڵێت، بە توندوترین شێوە دەستدرێژیکردن و بێڕێزی بۆسەر پێگەى مەرجەعى باڵاى ئایینى رەتدەکەنەوە.

ئاوێنە: باسم عەوادى، وتەبێژى حکومەتى عێراق، ئەمڕۆ چوارشسەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای ئەوەی قەوارەی زایۆنی كۆمەڵكوژی لە غەززەو لوبنان ئەنجامداوە، میدیای ئەو وڵاتە، كە میدیایەكی "دنەدەر و رەگەزپەرستە، لە هەوڵێكی بێ نرخدا، بێڕێزی بە وێنەی مەرجەعی باڵای ئایینی كردوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە حکومەتی عێراق بە توندترین شێوە هەر دەستدرێژی و زیانگەیاندنێك بە پێگەی مەرجەعییەتمان ڕەتدەکاتەوەو هۆشداریش دەدات لەبارەی مەترسی ئەو هەوڵانەوە كە بێڕێزیكردنن بە پیرۆزییەكانی گەلان و دەبنە مایەی فراوانكردنی بازنەی دەستدرێژییەكان و هەروەها ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی روبەڕوی هەڕەشەیەكی راستەقینە دەكەنەوە.

وتوشیەتی، داوا لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرجەم کۆڕبەندە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین، هەمو ئەو شتانە ڕەت بکەنەوە و ئیدانەی بکەن کە بێڕێزین بەرامبەر هەستی موسوڵمانان لە جیهاندا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە حکومەت و گەلی عێراق هەمو هەوڵێکیان داوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام قەوارەی زایۆنی و حکومەتە توندڕەوەكەی وێڕای شكستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆتە هۆی خراپتركردنی دۆخەكەو ئەمڕۆكەش هەوڵی بڵاوکردنەوەی بێڕێزی دەدات بۆ داپۆشینی تاوانە ئاشكراكان، ئێمە ئەوە بەتەواوەتی رەتدەكەینەوەو بە دەستدرێژییەكی مەترسیداری دەزانین و هەڵوێستی جێگیری عێراقیش لەبارەی تەواوی پرسە چارەنوسسازەكانەوە ناگۆڕێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×