ئەمریکا فشاره‌كانى بۆسەر حکومەتی عێراق زیادکردوە بۆ ڕاگرتنی هێرشە موشەکیی‌و درۆنییەکان
  2024-10-07       457       

بەگوێرەی پێگەی "عەرەبی جەدید" کە پشتی بەلێدوانی بەرپرسێکی دیاری عێراقی بەستوە، ئاشکرایکردوە، ئەمریکا فشاره‌كانى بۆسەر حکومەتی عێراق زیادکردوە بۆ ڕاگرتنی هێرشە موشەکیی‌و درۆنییەکانی گروپە چەکدارییە شیعییەکانی سەر بەئێران کە لەڕۆژئاوای ئەنبارەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل دەستیانپێکردوە، ده‌شڵێت:"بەغدا ئەو داواکارییەی ئەمریکای ڕەتکردوه‌تەوە".

ئاوێنه‌: سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمریکا لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی‌و ئەمنییەکانەوە هەوڵدەدات فشاربخاتەسەر حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە بوەستێنێت كه‌ لەڕێگەی موشەکی کروزو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەکرێتەسەر ئیسرائیل، بەڵام حکومەتی عێراق ئەو فشارانەی ڕەتکردەوەو باسی لەوەکردوە، ئەو گروپانە ڕاستەوخۆ سەر بەهێزەکانی حەشدی شەعبی نین، بۆیە کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نییە.

ئەوەش هاتوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەرپرسانی ئەمریکای ئاگادارکردەوە کە تاکە چارەسەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە کۆتاییهێنانە بەدەستدرێژیی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو لوبنان.

وتویه‌تى:"هێزە عێراقییەکان دەستوەردان لەمجۆرە هێرشانەدا ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەپابەندبونی حکومەت ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ پاراستنی نێردە فەرمییەکان، لەنێویاندا هێزەکانی هاوپەیمانان کە لەعێراق ئامادەن".

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەی بەوەداوه‌، ئەمریکا ترسی هەیە لەوەی هەر وەڵامدانەوەیەکی ئیسرائیل بۆ عێراق ببێتە هۆی هێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانی  ئەمریکا لەناوچەکە، ئەمەش وا لەئەمریکا دەکات فشاربخاتەسەر بەغدا بۆ ئەوەی میلیشیا چەکدارییەکان نەتوانن بەردەوام بن لەهێرشەکانیان.
 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×