2024-10-07   372     
ئەبو ئالا وەلائی لەیەکەم ساڵیادی هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، لەپەیامێکدا ئیماراتو سعودیەو وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەبەرپرسیاری سەرەکیی شەڕی ناوچەکە ناودەباتو هەڕەشە دەکات کە لەسزا پارێزراونابن، ڕاشیدهگهیهنێت، "عێراق پشتیوانیی لوبنانو غەززەیە".
ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گروپی سەیدو شوهەدای عێراق کە یەکێکە لەگروپە چهكدارهكانى حەشدی شەعبی لەیەکەمین ساڵیادی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت:"ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا بۆ جیهانی سەلماند، ئیسرائیل ڕژێمێکی بەتاڵە".
ئەبو ئالا وەلائی پیرۆزبایی کردوەو ڕایگەیاندوە، چالاکییەکانی بەرەی مقاوەمە بەگشتییو مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق، توانیویانە هەژمونی ئیسرائیل تێکبشکێنن.
دەشڵێت: "هەروەک چۆن حزبوڵڵای لوبنانی پشتیوانی غەززە بوە، عێراقیش بەهەمانشێوە پشتیوانیی لوبنانو غەززەیە".
لهبهشێكى دیكهى قسهكانیدا ئەبو ئالا وەلائی وتویهتى، " ئەم تاوانانەی دەکرێن بەپشتیوانیی ئیماراتو سعودیە دەکرێن کە تێچوی دارایی شەڕەکەیان گرتوەتە ئەستۆو ڕژێمی ئیسرائیل بۆ تاوانکارییەکی سەر شێتانە هاندەدەن".
هەر لە پەیامەکەیدا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی عەرەبی و دەڵێت: "دەسەڵاتدارانی عەرەب کە هاوپەیمان و شوێنکەوتەی سعوودیەن، بەرپرسیارن لەو خوێنڕێژییەی هەیە، هەربۆیە دەبێت بزانن کە لە سزا پارێزراو نین".
هەروا ئاماژەیداوە، "ئەو بۆمبانەی ئیسرائیل تائێستا لەهێرشەکانیدا لەباشوری بەیروت بەکاریهێناون، کاریگەرییەکانی بارتەقای ئەو بۆمبە ئەتۆمییەی ئەمریکایە لەشاری ناکازاکیی ژاپۆن بەکاریهێنا".