سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، لە شەوی ڕابردووەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و ناوچەكانی دەوروبەری هێزێكی زۆری ئەمنیی كۆكراونەتەوە و خراونەتە ئامادەباشییەوە، هاوكات ڕێگە بە نیشتنەوەی بەشێكی زۆری ئەو فڕۆكانە نەدراوە، كە بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا هاتوون.
ئاوێنه: كەناڵی “حوڕە” لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە سەبارەت بە بڵاوەپێكردنی ژمارەیەكی زۆری هێزی ئەمنیی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا زانیاری نوێ دەخاتەڕوو.
ئەو سەرچاوەیە ڕاگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ترس لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەكییەكانی ئێران و ئەم دۆخەی مرۆییەی لە لوبنان درووست بووە، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ڕێوشوێنی توندی ئەمنیی گیراوەتەبەر.
باس لەوەشكراوە، لە شەوی ڕابردووەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و ناوچەكانی دەوروبەری هێزێكی زۆری ئەمنیی كۆكراونەتەوە و خراونەتە ئامادەباشییەوە، هاوكات ڕێگە بە نیشتنەوە بەشێكی زۆری ئەو فڕۆكانە نەدراوە كە بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا هاتوون.
پێشتر یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژ فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاندبوو، بۆ پاراستینی ئاسایشی ئاسمانیی عێراق هەموو ڕێكارێكی پێویست گیراوەتەبەر، عێراق هێز و توانای هەیە، كە چاودێریی ئاسمانی خۆی و چاودێریی جووڵەی فڕۆكە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی بكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، فڕۆكە پێشكەوتووەكانی ئێف ١٦ و كەی ٥٠ـی كۆری، هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی دیكە بەشدارن لە پاراستنی وڵات و بەرگریكردن لە سەروەری عێراق.
ڕوونیشیكردەوە، سەرجەم سنوورەكانی عێراق بە باشی پارێزراون، بە تایبەتی لەگەڵ لایەنی سووریا، ئەو سنوورانە بە بوونی پاسەوانی سنووری زۆر بەهێزكراون، ئەمە جگە لە دانانی كامێرای گەرمیی و دەنگیی.
ئەمە لەكاتێكدایە، گرووپە چەكدارەكانی عێراق ناوبەناو هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل و بنكە و بارەگای هێزەكانیان دەكەنە ئامانج، لە بەرامبەر ئەمەشدا ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشكردنە سەر عێراق دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان شوێنی دیاری كردووە، بۆ ئەوەی هێرشی بكاتە سەر.