مانگی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ـی عێراق دەستپێدەكات
  2024-10-04       144       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەبارەى خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ دەستپێدەكات، دەشڵێت، لەڕێگەی كۆبوونەوە لەگەڵ پسپۆڕانی دارایی لە وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی گقتوگۆكان بۆ دواكەوتنی دارایی بۆ پارێزگاكان و پڕۆژەكان بەردەوامە.

ئاوێنه‌: محەمەد نوری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە وادەی دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانیان لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥بۆ ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو گفتوگۆی ڕاستەوخۆی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ دەستپێدەكات، بە مەبەستی گەرەنتیكردنی مووچەی فەرمانبەران و تەرخانكردنی پڕۆژەكان، هەروەها مووچەی فەرمانبەران تا كۆتایی ئەمساڵ بە تەواوی بیمەكراوە و هیچ دواكەوتنێك نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكەیان لەڕێگەی كۆبوونەوەكان لەگەڵ پسپۆڕانی دارایی لە وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی كاردەكات، بۆ چارەسەركردنی دواكەوتنی دارایی بۆ پارێزگاكان و پڕۆژە بەردەوامەكان، هەروەها بۆ دەستپێكردنی پاكێجی پڕۆژەكان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

جێگای سەرنجە، پەرلەمانی عێراق ١١ی حوزەیرانی ئەمساڵ خشتەی بودجەی ٢٠٢٤ی پەسەند كرد، كە بڕەكەی زیاتر ٢١١ تریلۆن دینار بوو، دواتر یاساكە ڕەوانەی سەرۆكاییەتی سەرۆككۆمار كرا و لە ڕۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاو كرایەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×