جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، ئەوان پشتیوانی ئەوە ناكەن كە ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران لە وەڵامی هێرشە موشەكییەكەی دوێنێی ئەو وڵاتەدا.
ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، كەمێك لەمەوبەر لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتیشی، لەگەڵ ئیسرائیل گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی كە چی دەكەن، دەكەین، بەڵام ئێمە هەمومان (وڵاتانی گروپی 7)، هاوڕاین لەسەر ئەوەی كە ئیسرائیل مافی وەڵامدانەوەی هەیە، لەگەڵ ئەوەش پێمانوایە ئەبێ وەڵامەكە بەشێوەیەكی گونجاو بێت.
جەختیشی كردەوە كە ئەوان وەك گروپی 7 تاوتوێی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەكەن.
ئەوشە لەكاتێكدا كە دوێنی سێشەممە، ئێران نزیكەی 200 موشەكی ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد.