ورده‌كاریی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی‌ ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل
  2024-10-01       663       
كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ موشه‌كه‌كانی‌ ئێران له‌خاكی‌ ئیسرائیل

دوای‌ هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی‌ ئه‌مشه‌وی‌ تاران بۆ سه‌ر ته‌لئه‌بیب، کۆشکی سپی بڵاویكرده‌وه‌، جۆ بایدن، سه‌رۆكی‌ ئه‌مه‌ریكا فەرمانی کردووە سوپای ئەمریکا یارمەتیی ئیسرائیل بدات. سوپای پاسداران-یش دەڵێت، بەدەیان موشەک هێرشیانکردۆتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش وەڵامدانەوەیەکە بۆ "شەهیدبونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵاو عەباس نیلفروشان". 

ئاوێنه‌: دوای‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئێران بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل له‌به‌رامبه‌ر کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس له‌تاران‌و حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان لەهێرشێکی ئاسمانیی سوپای‌ ئیسرائیلدا له‌به‌یروتی‌ پایته‌خت، ئه‌مشه‌و -نزیكه‌ی‌ كاتژمێر 7:30- ئێران هێرشێكی‌ موشه‌كی‌ كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل.

دوای‌ هێرشه‌كه‌ سوپای‌ پاسداران له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "لەتۆڵەی‌ خوێنی‌ ئیسماعیل هەنیەو حەسەن نەسروڵاو نیلفروشان خاکی‌ ئیسرائیلمان بۆردومانکرد".

سوپای‌ پاسداران دەڵێت، "دەیان موشەکمان ئاڕاستەی‌ ئیسرائیل کردووە".

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، "ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی‌ هێرشەکان بداتەوە هێرشی‌ دیکەی‌ دەکەینەسەر".

له‌به‌رامبه‌ردا سوپای ئیسرائیل له‌زاری‌  دانیاڵ هاگاری، وتەبێژه‌كه‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، هێرشەکە لە رێگەی زیاتر لە 250 موشەکەوە بووەو له‌ئێستادا ئه‌نجومه‌نی‌ جه‌نگ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دایه‌ بۆ تاوتوێكردنی‌ دۆخه‌كه‌.

هه‌رچه‌نده‌ میدیاكانی‌ ئیسرائیل باس له‌كوژرانی‌ چوار كه‌س‌و برینداربونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتر ده‌كه‌ن، به‌ڵام وته‌بێژی‌ سوپای‌ ئیسرائیل هیچ ئاماژه‌یه‌كی‌ به‌زیانه‌ گیانییه‌كانی‌ هێرشه‌كه‌ نه‌كرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ سوپای وڵاتەکەی هەر کارێک دەکات کە پێویست بێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی ئیسرائیل. 

هاوكات جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا فەرمانی بەسوپای وڵاتەكەی كرد هاوكاری ئیسرائیل بكەن لەدژی هێرشەكانی ئێران.

كۆشكی سپی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردۆوە، جۆ بایدن فەرمانی كردووە هاوكاری سوپای ئیسرائیل بكرێت بۆ خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ موشەكەكانی ئێران.

رونیشكراوەتەوە، بایدن‌و كامالا هاریسی جێگری بەردەوام لەژوری پرۆسەكانەوە چاودێریی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەكەن.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمشەو دوای‌ هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشێكی‌ موشه‌كیی كراوه‌ته‌ سەر بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌پارێزگای ئەنبار.

به‌ڵام وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگه‌یاند، تائێستا هیچ زانیارییەکیان پێنەگەیشتووە لەبارەی هێرشی سەر هێزو بنکەکانیان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخراون.

کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوەی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، "لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەزاق محێبس وەزیری گواستنەوەی عێراق پێیراگەیاندین کە بڕیاریانداوە بەداخستنی ئاسمانی عێراق و راگرتنی هەموو جۆرە جوڵەیەکی فرۆکەوانی تا ئەوکاتەی کۆتایی بە هەڵدانی مووشەک و کردە سەربازییەکان دێت."

راشیگه‌یاند، عێراق ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێکهێناوە بۆ چاودێری کردنی ئاسمانی عێراق و بڕیاردان لە کردنەوەی بەرووی فرۆکەخانەکاندا.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×