وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەبێ ناوهێنانی بنکەی ڤێکتۆریاو هێزەکانی ئەمریکا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت:"هێرشەکە لەلایەن گروپە لەیاسا دەرچوەکانەوە کراوەو مەبەستیان شێواندنی ئاسایشو سەقامگیریی عێراقە، بەڵام بەهێز وەڵامی ئەوانە دەدەینەوە کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی دەدەن".
ئاوێنه: لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناخۆی فیدراڵی عێراقدا هاتوە، "لەکاتێکدا هەموو هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕێکخستنەوەی ئاسایشو سەقامگیریی عێراقە، گروپە لەیاسا دەرچوەکان هەوڵی تێکدانی سەقامگیرییو هەراسانکردنی هێزە ئەمنییەکان دەدەن، بەرەبەیانی سێشەممە، یهكی تشرینی یەکەمی 2024، لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ڕویداوە، کە ڕۆکێتێکی کاتیۆشا بەر گۆڕەپانێکی فەوجی دووی دەزگای هەواڵگرییو ڕۆکێتێکی دیکە بەر گۆڕەپانێکی چۆڵی نێو فڕۆکەخانە کەوتوە".
هەروەها ڕایگەیاندوە، "هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ئاشکراکردنو دۆزینەوەی هێرشکەران دەستپێکردوە، هەم لەپێناو پاراستنی گیانو ماڵی هاوڵاتییانو دامەزراوە گشتییەکان، هەم بۆ پاراستنی ئاسایشو سەقامگیریی".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیشدەکاتەوە، "بەزەبری هێز وەڵامی ئەوانە دەداتەوە کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیرییو ئاسایشی عێراق دەدەن".
دوای کاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو، بنکەی ڤێکتۆریای سەربازی ئەمریکا لەبەغدا بەسێ کاتیۆشا بۆردومانكرا، بەڵام لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی بنکەکە بەرپەرچدرایەوە بێئەوەی هیچ زیانێک بەر بنکەکە بگات، تەنها بەهۆی یەکێک لەکاتیۆشاکان چوار ئۆتۆمبێلی مەدەنی لەگۆڕەپانێکی نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا سوتان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، شوێنی هەڵدانی ڕۆکێتەکان لەنزیک ناوچەی عامرییەی ڕۆژئاوای بەغدا بوەو توانراوە دەستبەسەر سێ ڕۆکێتی کاتیۆشا بەسەکۆوە بگرن، کە بۆ هەڵدان ئامادەکرابون.