“گرووپە چەكدارەكان فەرمانی سەربازی و سیاسی لە سوودانی وەرناگرن”
  2024-10-01       231       

لێكۆڵەرێكی كاروباری سیاسی و ئەمنی ڕایگەیاند، زۆربەی گرووپە چەكدارە عێراقییەكان جگە لەوانەی كە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دەسەڵاتی باڵای نەجەف هەیە، بە جۆرێك لە جۆرەكان بەشداری لە شەڕی دژ بە ئیسرائیل دەكەن، دەشڵێت، گروپەکان فەرمانی سەربازی و سیاسی لە سوودانی وەرناگرن.

ئاوێنه‌: خالد عەرداوی لێكۆڵەری كاروباری سیاسی و ئەمنی سەبارەت بە بەشداریكردنی گرووپە چەكدارەكانی عێراق لە شەڕ و ململانێیەكان ناوچەكە و پابەند نەبوون بەڕێنماییەكانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

خالد عەرداوی ڕایگەیاند، بەشداریكردنی گرووپە چەكدارەكان لە شەڕی دژ بە ئیسرائیل بەندە بە زیاد بوونی پێشهات و ڕووداوەكانی ناوچەكە و ڕادەی دەستێوەردانی تاران لە ململانێكان، زۆربەی گرووپە عێراقییەكان جگە لەوانەی كە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دەسەڵاتی باڵای نەجەف هەیە، بە جۆرێك لە جۆرەكان لە شەڕی دژ بە ئیسرائیل بەشداری دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆڵ و كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر بڕیاری بەشداریكردنی ئەو گرووپانە لە شەڕ دژی ئیسرائیل نییە، هەرچەندە هەندێك گرووپ هەوڵدەدەن دۆخی حكومەتی ئێستا لەبەرچاو بگرن، بەڵام فەرمانی سەربازی و سیاسی لێ وەرناگرن.

جێگای ئاماژەیە، لە دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزیی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق دژی ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی وەستاوەتەوە و هێرش دەكاتە سەر بنكە و بارەگاكانیان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×