پەرلەمان بڕگەی دەنگدانی بە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵی بۆ خاوەنەكانیان لەدانیشتنەكەیدا لابرد
  2024-09-30       291       

پەرلەمانی عێراق بڕگەی دەنگدانی بە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵی بۆ خاوەكانیان لە كارنامەی دانیشتنەكەی سبەینێی خۆیدا لابرد.

ئاوێنە: كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەو کارنامەیەی ئەم بەیانیە بڵاوی کردەوە بۆ دانیشتنی سبەی سێشەممە کشاندییەوەو کارنامەیەكی تری بڵاوکردەوەو بڕگەی دەنگدانی لەسەر پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک ماڵ بۆ خاوەنەکانیان سرییەوەو لایبرد."

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە، بڕۆژە یاسایەكە تایبەتە بەهەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە بۆ داگیرکردنی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی کورد و تورکمان لە کەرکوک و ناوچەکانی تر.

كاروان یاروەیس وتوشیەتی، ئەمە لەکاتێکدا بو هەفتەی رابردو سەرکردە و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی شیعە بەڵینیان دا بە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساكە دو رۆژ دوابخرێ و لە دانیشتنی داهاتودا دەخرێتەوە کارنامەی دانیشتن هەتاوەکو سوننەکان رازی دەبن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، شیعەو سوننە دەیانەوێ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای باری کەسێتی و پرۆژە یاسای گەراندنەوەی موڵک و ماڵ لەیەک رۆژدا بێت تا سوننە و شیعە و کورد پابەندی دەنگدان بن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×