بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق بڕیارە سبەینێ پەرلەمان كۆببێتەوە و شەش پرۆژە یاسا تاوتوێ بكات، یەكێك لەوانە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناكۆكەكان بۆ خاوەنەكانیان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ڕژێمی بەعسی پێشووە.
ئاوێنه: بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی سبەینێ و ئەو پرۆژە یاسایانەی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ڕاگەیەندراوێکى بڵاوكردەوە.
بەپێی كارنامەكە، كۆبوونەوەی پەرلەمان لە شەش بڕگە پێكدێت، كە یەكەمیان دەنگدانە لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناكۆكەكان بۆ خاوەنەكانیان، هەروەها هەموواری یاسای خوێندنی ناحكومی و پڕۆژە یاسای فرۆكەوانی مەدەنی.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەر لەكۆبوونەوەكەی سبەینێدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پاراستنی خاوەندارێتی بیروڕا دەكرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارە كۆبوونەوەكە كاتژمێر ١ـی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.
بەپێی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لەناوچە جێناكۆكەكان بۆ خاوەنەكانیان، هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی رژێمی بەعسی پێشوو هەڵدەوەشێنرێنەوە، كە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەركراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیاران لە سنووری كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان.