سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق لەوەزارەتى بەرگریى رایگەیاند، لە ئەگەرى رووبەڕووبوونەوەى هەر پێشهاتێک، سوپاى عێراق خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە.
ئاوێنه: بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى بەرگریى عێراق، عەبدولئەمیر یارەڵا، سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق، بە ئامادەبوونى سەرکردەى هێزەکانى وشکانى، ئاسمانى، فرۆکەوانیى سوپا و بەرگریى ئاسمانیى کۆبوونەوەیەکى بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ئەمنیی ناوچەکە و مەترسییەکان ئەنجامداوە و بڕیارى خستنە حاڵەتى ئامادەباشیی سوپاى عێراق دراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێى تواناى دامودەزگاکان کراوە، لە دابینکردنى ئارامى و ئاسایش بۆ وڵات و رووبەرووبوونەوەى هەر ئەگەر و پێشهاتێکى لەناکاو.
کۆبوونەوەکەى وەزارەتى بەرگریى عێراق لەدواى چڕبوونەوەى هێرشەکانى ئیسرائیلە بۆسەر لوبنان و کوشتنى حەسەن نەسروڵا، ئەمیندارى گشتى حیزبوڵاى لوبنان و چەند سەرکردەیەکى ئەو حیزبە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، لە وتارەکەى لە کۆبوونەوەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراقى بە وڵاتى شەڕ ناوبرد و ناوبەناویش گروپەکانى مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراقەوە، هێرش دەکەنە سەر خاکى ئیسرائیل.