دژی كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا، له‌به‌غداد خۆپیشاندان بهڕێوهدهچێتو خۆپیشانده‌ران ده‌یانه‌وێت په‌لاماری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بده‌ن. چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعه‌كانیش بەئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق كۆبونه‌وه‌یه‌كی بەپەلە ئه‌نجامده‌دات.
ئاوێنه: ئه‌مشه‌و لەشاری بەغداد دژی کوشتنی حەسەن نەسروڵا خۆپیشاندانی لایه‌نه شیعه‌كان دەستیپێکردو خۆپیشاندەران وێنەی نەسروڵایان بەرز کردووەتەوەو دەیانەوێت بچەنە سەر باڵوێزانەی ئەمەریکا لەناوچەی سەوز.
خۆپیشانده‌ران كه ژماره‌یان سه‌دان كه‌س ده‌بێت، له‌سه‌ر پردی هه‌ڵواسراوی به‌غداد گردبونه‌ته‌وه‌و دروشم له‌دژی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێنه‌وه‌و تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن به‌وه‌ی ده‌ستی له‌كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵادا هه‌بووه.
هێزە ئەمنییەکان لەدەوروبەری ناوچەی سەوز بڵاوەیانپێکراوە بۆ ئەوەی ڕێگریی لەخۆپیشاندەران بکەن تا نەتوانن بچنە ناوچەکە، هەروەها یەکێک لەدەروازەکانی ناوچەی سەوز لەناوەڕاستی بەغدا داخراوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا ڕێنمایی بۆ باڵیۆزخانەکانی لەعێراق‌و سوریا دەرکردووە بۆ ئەوەی لەئامادەباشیدابن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
هاوكات جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند، وه‌زیری به‌رگریی وڵاته‌كه‌ی ڕاسپاردووه لایه‌نی به‌رگریی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هێزبكرێت، "بۆ ڕێگریكردن له‌هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێكی ناوچه‌یی فراوانتر".
دوای په‌یامه‌كه‌ی جۆ بایدن، به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌عێراق ڕایگه‌یاند، له‌تۆڵه‌ی كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵادا به‌درۆن هێرشیكردووه‌ته‌سه‌ر ئیسرائیل، به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانه‌كانی هێرشه‌كه ئاشكرابكات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌و هه‌ر ئه‌مشه‌و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعه‌كان بەئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونهوهیهكی به‌په‌له‌ی سازكرد‌و رایگه‌یاند، "شه‌هیدكردنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا، سەرەتای سەرکەوتنو ژیانێکی نوێیە بۆ بۆ میللەتەکەیان."
چوارچێوەی هەماهەنگیی لەڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای دەکات کە پابەندیی خۆی دوپاتدەکاتەوە بەبڕیارو فەرمانەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی بۆ هاوکاریی کردنی خەڵکی لوبنان.
چوارچێوەی هەماهەنگیی سوپاسی هەوڵی زۆری حکومەت دەکات بۆ کەمکردنەوەی زەحمەتییەکانی بەردەم ئاوارەو پەنابەرانی لوبنانی.