محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانی كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا لە نیویۆرك رایگەیاند، ئێستا لە سەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانداین، لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێم.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نیویۆركی بەرەو بەغدا بەجێهێشت، دوێنێ پێنجشەممە لەمیانی كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا لە نیویۆرك وتەیەكی پێشكەش كرد.
سودانی لەبەشێكی وتەكەیدا ئاماژەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق داو وتی، ئەو هەڵبژاردنانەمان لەكاتێكدا ئەنجامدان كە بۆ ماوەی 10 ساڵ بو پەكخرابون و هەروەها لە كەركوك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگامان ئەنجام دا كە لە ساڵی 2005ەوە كۆسپ لەبەردەم ئەنجامدانیدا دروستكرابو.
سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی، ئێستاش لەسەروبەندی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانداین.
سودانی جەختی كردەوە كە لە هەوڵەكانیان بەردەوان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێم و هەروەها حكومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكان و پاراستنی بونی پێكهاتەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان.
هەروەها لە بەشێكی قسەكانیدا سودانی باسی لەو دۆخە كرد كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێپەڕدەبێت و بە "دۆخێكی مەترسیدار" ناوی برد.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی ئەو شەڕەی لە غەززەو لوبنان هەیە، رەخنەی لە سیستمی نێودەوڵەتی گرت و وتی، نەیتوانیوە بە ئامانجەكانی بگات لەوانە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤ.
سودانی جەختی كردەوە كە راگرتنی ئەو پێشێلكارییانەی لە فەلەستین و ناوچەكە رودەدات بەرپرسیارێتی هەموانە بەپلەی یەكەم بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە بەڵام ئەنجومەنەكە لەوەدا شكستی هێناوە.
وتیشی، گەلی فەلەستین روبەڕوی دەستدرێژی بۆتەوە لەلایەن هێزێكی داگیركەرەوە، هەزارانی لێكوژراون و روبەڕوی برسیكردنی بەكۆمەڵیش بۆتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەربەستێك بۆ پاراستنی هەبێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە بەرپرسیارێتی خۆی بۆ پاراستنی هەڵنەساوە.
ئاماژەی بەوەشدا، جوڵەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل، هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری وڵاتانی دیكەی ناوچەكەو دەبنە مایەی جەنگێكی فراوانتر.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە رێككەوتنی هاوبەش لەگەڵ ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان رادەگەیەنن.